دکتۆر دلاوه‌ر عه‌لادین، وه‌زیری خوێندنی باڵا |
چاوی خوێندکار
ئه‌و گۆڕانه گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌کاربونی دکتۆر دلاوه‌ر عه‌لادیندا له بواری ئه‌کادیمی و ئیداری خوێندنی باڵادا هاته کایه‌وه، ئاهێکی به به‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌دا هێنایه‌وه که ساڵانێکه خه‌و و خه‌یاڵیان ڕیفۆرمی زانکۆیی و په‌روه‌رده‌ییه. بونی که‌سێکی خاوه‌ن ڕوئیه‌ی وه‌ک دکتۆر دلاوه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێناینه‌وه که هه‌رگیز ڕیفۆرم و چاکسازی مه‌حاڵ نیه. ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌یشی ڕه‌وانده‌وه که ده‌ڵێت مرۆڤ ناتوانێت به‌رگه‌ی خۆشی و پاڵنه‌ره خراپه‌کانی ده‌سه‌ڵات بگرێت و ئه‌گه‌ر له بێده‌سه‌ڵاتیشدا باش بین، له ده‌سه‌ڵاتدا خراپ ده‌بێت. دکتۆر دلاوه‌ر مرۆڤێکی پێگه‌یشتوه که ده‌زانێت چی ده‌کات و بۆچیش واده‌کات. بۆ یه‌که‌مجار ئێمه وه‌زیرێکمان هه‌یه که به خه‌مه‌ی ڕیفۆرمه‌وه‌یه و ئه‌و به ته‌نگی بابه‌ته‌که‌وه‌یه.
بێگومان ئێمه چه‌ند دڵخۆشین به بونی که‌سێکی ئاوا که گۆڕانی ڕادیکاڵی له بونیادی وه‌زاره‌ته‌که‌یدا کردووه، هێنده‌یش به خه‌می ئه‌وه‌وه‌ین که ئه‌م سه‌رده‌مه زێڕینه به ڕۆیشتنی دکتۆر دلاوه‌ر کۆتایی نه‌یه‌ت. دواجار دکتۆر دلاوه‌ر ته‌نها کاره‌کته‌رێکه و ناتوانێت شوێنی سیسته‌مه‌که بگرێته‌وه.
سه‌رتاسه‌ریبونی ڕیفۆرمه‌کان مه‌رجی سه‌ره‌کی سه‌رکه‌وتنیانه. ئه‌مه‌ی که ده‌سه‌ڵاتێکی ناشه‌رعی – ناشه‌رعی به مانای ئه‌وه‌ی که له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه ده‌سه‌ڵاتی پێنه‌دراوه و ده‌ستوری نیه- مافی ئه‌وه به خۆی بدات له فه‌رمانی وه‌زیر لا بدات، نیشانه‌یه‌کی ترسناکه. دکتۆر دلاوه‌ر ده‌بێت وه‌زیری هه‌موو هه‌رێمی کوردستان بێت و سازشیش نه‌کات له‌سه‌ر ئه‌و مافه یاساییه‌ی خۆی. زۆر گرنگه دکتۆر دلاوه‌ر خۆی له هه‌ر سه‌نگه‌رگرتنێکی حیزبی به دور بگرێت و وه‌ک وه‌زیری لایه‌نێک نه‌ناسرێت، ئه‌مه وا ده‌کات پشتگیری جه‌ماوه‌ری بۆ کار و پرۆژه‌کانی دروست ببێت –وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئێسته هه‌یه- و وایشده‌کات که زۆر لایه‌ن خه‌یاڵیان ڕه‌حه‌ت بێت و که‌متر به‌ر به ڕیفۆرمه‌کان بگرن.
هۆرکارێکت تری سه‌رکه‌وتنی ڕیفۆرمه‌کان بریتیه له بونی ده‌ست و ستاف و عه‌قڵی تازه له سه‌رۆکایه‌تی زانکۆکان‌دا. کاتی ئه‌وه هاتوه دکتۆر دلاوه ر و هاوبیرانی له نێو وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بیر له شێوازگه‌لێک بکه‌نه‌وه بۆ دروستکردنی که‌لێنێک –ئه‌گه‌ر چی بچوکیش بێت- له دیواری کۆنی چه‌ندین ساڵه‌ی ئیداره‌ی زانکۆکان‌دا بکرێت. هه‌ر هیچ نه‌بێت ئیداره‌ی ئێستا تێبگه‌یه‌نرێت که دژایه‌تیکردنی ویست و ئیراده‌ی ڕیفۆرم قبوڵ ناکرێت.
دکتۆر دلاوه‌ر و هاوکارانی ئه‌بێت شێواز و ڕێگاکانی په‌یوه‌ندیکردن له‌گه‌ڵ خوێندکارانی زانکۆ‌دا بدۆزنه‌وه و خوێندکاران له ده‌می ئه‌وانه‌وه ڕیفۆرمه‌کانیان بۆ ڕونبکرێته‌وه. ڕیفۆرم له پشتی مێزه‌وه سه‌رناگرێت، چونکه به‌رده‌وام لایه‌نگه‌لێک هه‌ن که له ئاوی لێڵدا مه‌له ده‌که‌ن و ئه‌و بۆشاییه ده‌قۆزنه‌وه بۆ شێواندنی وێنه‌ی ئه‌وه‌ی که ده‌کرێت.
دکتۆر دلاوه‌ر ده‌بێت هه‌وڵی پێشکه‌شکردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک بدات بۆ په‌رله‌مانی کوردستان که ڕیفۆرمه‌کان بکه‌نه به‌شێک له یاسا و بۆ پاش خۆیشی به‌رده‌وام بن. غئه‌مه‌یش به ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێکی په‌یوه‌ندی گشتی و ئیعلامی به‌هێز ده‌بێت بۆ دروستکردنی کۆده‌نگی سیاسی و جه‌ماوه‌ری له‌سه‌ریان.
No comments:
Post a Comment