Friday, January 21, 2011

بزووتنەوەی خوێندکاری کوژراوی دەستی حیزبەکانە


وەکو هەموو کایەکانی تری وڵات، خوێندن و خوێندنگا  و خوێندکارانیش بوونەتە قوربانی دەستی حیزبایەتی لە کوردستاندا.
تاوانی بە حیزبیکردنی کایەی خوێندن لە ئەستۆی هەموو گروپ و تاقمە سیاسیەکانی ئەم هەرێمەدایە.
حیزبە کوردیەکان خاوەنی دەیان ڕێکخراوی جۆراو جۆرن، تەنانەت ڕێکخراوی تایبەت بە منداڵانیشیان هەیە.

ئەم حیزبانە بە عەقڵیەتێکی سۆشیالیستانەوە بیر لە کاری ڕێکخراوەیی دەکەنەوە. 
لای ئەوان، ڕێکخراو بۆ بەدەستهێنانی مافەکان نیە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریە بۆ حیزبەکە.
هەربۆیە هەموویان لە پێشبڕکێدان بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندام و شانەی ڕێکخستن لە ناو خوێندکاراندا دروست بکەن.
پارتی و یەکێتی بە دەم چەورکردن و وەعدی زل و قەبەی وەکو دامەزراندن و تەماع خستنە بەر و هەندێک جاریش ترساندن هەوڵی بەدەستهێنانی ئینتیمای خوێندکار ئەدەن.
پارتە ئیسلامیەکانیش هەوڵ ئەدەن کە بە هۆی تەعالیمی دینی ئیسلام و لە ڕێی بانگرکردنی خوێندکارانەوە بۆ چالاکی و سیمینار و موحازەرە دینیەکانەوە دڵی خوێندکار بگرن و لەوێوە بیئاخننە نێو ڕیزی ڕێکخستنەکانی خۆیان.
پارتی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەوڵ ئەدات لە ڕێی خۆ کردن بە خاوەنی ناڕەزایەتیەکانی خوێندکارانەوە دەنگ و متمانەیان ببات و، خۆی بە خاوەنی شەرعیان بزانێت و پاشانیش لە کاتی دەنگداندا لە ڕێی وتاری حەماسی پڕفرۆشەوە دەنگەکانیان بەدەستبهێنێت.
حیزبە بچووکەکانی تریش تەقلیدی برا گەورەکانیان دەکەن.
هەربۆیە هەتا ئێستا بزووتنەوەیەکی خوێندکاری سەربەخۆ دروست نەبووە و، خوێندکار لە نێو زۆنگاوی بێدەنگیدا گەوزاوە.
ئاخر ئەوە کەی کاری خوێندکارە کە لە یادی لە دایکبوونی فڵان و فیسار سەرکردەدا بچێتە سەر جادە و چەپڵە بکوتێت؟
یاخود کەی ئەوە کاری ڕێکخراوێکی خوێندکاریە کە خەریکی سەرپۆش بەخشینەوە بێت بەسەر گەنجاندا.
ئەکرێت ئەو کارانە بەلای ئەنجامدەرانیەوە کاری زۆر باش بن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو کارانە دور و نزیک پەیوەندیان بە خوێندکارەوە نیە.
بێگومان هیچ یەک لەو حیزبانە نایانەوێت دەست لەم توێژە گەورەیەی کۆمەڵگە بەربدەن و دەیانەوێت بەردەوام ئەندام و لایەنگر بۆ خۆیان دروست بکەن، بەڵام ئیدی کاتی ئەوەیە کە خوێندکاران مافەکانی خۆیان نەکەنە قوربانی ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژیان.
کاتی ئەوەیە کە بوێرانە بڵێن نا بەو حیزب و گروپانەی کە ناوی "خوێندکار" یان "قوتابی"یان هەڵگرتوە، بەڵام خەریکی کۆکردنەوەی دەنگن بۆ ئەم و ئەو.
یەکەم هەنگاو بەم ئاڕاستەیەدا بریتیە لە بایکۆتکردنی ئەم مۆڵگە حیزبیانە و دروستکردنی شانە و گروپی سەربەخۆ و بچوک بچوک.
دەبێت لەسەر ئاستی زانکۆ و خوێندگا و پەیمانگاکان خوێندکاران پێکەوە کۆببنەوە و داواکاریەکانی خۆیان لەو ناوەندانەدا بە شێوازی شارستانی و ئەکادیمی بخەنە ڕوو.
ئیتر ئەبێت ناوی مۆڵگە حیزبیەکان لە قاموسی کاری ڕێکخراوەییماندا بسڕینەوە و هەموو بەچکەکانی حیزب و هێلانەکانیان لە دەزگا ئەکادیمیەکانمان دەربکەین. 

No comments:

Post a Comment